بەهێزکردنی چەند کارێكی ئاوارە ناوخۆییەکان و فراوانکردنی ئاستی هێزی کار لە رێگەی راهێنانێکی پێشەنگیی کار
بەهێزکردنی چەند کارێكی ئاوارە ناوخۆییەکان و فراوانکردنی ئاستی هێزی کار لە رێگەی راهێنانێکی پێشەنگیی کار
لە سایەی پاڵپشتییەکی بەخشندانەی حکومەتی یابان، رێکخراوی یونیدۆ چەند راهێنانێکی پرۆگرامی پەرەپێدانی پێشەنگیی کار لە کامپی ئاوارە ناوخۆییەکانی شاریا و کەبەرتۆ رێك خست بەو مەبەستەی برەو بە توانای پێشەنگیی کار بدات و هێزی کار فراوانتر بکات. ئەم پرۆگرامە ٦٥ کاتژمێرییەی راهێنان لەسەر پێشەنگی کار هاوکاریی ٤٣ پرۆژەی بچوك دەکات کە لە ئێستادا لەناو ئەو کامپانەدا بەڕێوە دەبرێن و، هەروەها هەوڵی ئەوە دەدات وەها لەم کارانە بکات بەردەوامتر و خۆڕاگرتر بن، بە تایبەتیش لە روانگەی کاریگەرییە کۆمەلایەتی و ئابورییەکانی پەتای کۆڤید ١٩وە.
ئەم راهێنانە کە چەند وانەیەکی وەك بەبازاڕکردن و بەڕێوەبردن و رێکخستنی بودجە و ژمێرکاری لەخۆ دەگرێت وەها ساز دراوە یارمەتیی کەسانی ئاوارەی ناوخۆیی بدات ئاستی ئەزموونی کاری پێشووی خۆیان بەرز بکەنەوە و، توانا و شارەزاییەکانی خۆیان لە بەڕێوەبردندا باشتر بکەن و زانیاریی نوێ بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی کار و پرۆژە بچوکەکانیان باشتر و بەردەوام بکەن. بەشداربووان و پێشەنگانی کاری هاریکار چەند پێداویستییەکی وەك ئامێر و کەرەستە و کەلوپەل وەردەگرن بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیانی پێ بەهێزتر بکەن و سەریان بخەن.
خەڵەف موراد ئیلیاس، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندێکی نزیك شارۆچکەی شەنگالە لە پارێزگای نەینەوا، بەشدار بووە لە ئەم پرۆگرامە کە بۆ ئەو هۆکارێکە بۆ فراوانکردنی کاری ئەو سەرتاشخانەیەی لەناو کامپەکەدا دایمەزراندووە. لە گوندەکەی خۆیاندا، خەڵەف لە سەرتاشخانە خێزانییەکەی خۆیان بووە و لەگەڵ باوکی و مامیدا کاری دەکرد.
لەگەڵ ئەوەی کە تازە خوێندنی قوتابخانەی بنەڕەتیی تەواو کردووە، خەڵەف دەڵێت، هیشتا ئەو توانا و شارەزاییە پێویستانەی بەدەست نەهێناوە تاکو بتوانێت پلانی کارێك بۆ خۆی دابنێت و ئامانج بۆ فراوانکردنی کارەکەی دیاری بکات.
"ئێستا فێر بووم چۆن کاتی خۆم بەڕێوە ببەم و چۆن تێڕوانینی خۆم بۆ داهاتوو دابڕێژم،" خەڵەف بەم شێوەیە باسی ئەزموونی خۆی لە پرۆگرامەکە دەکات.
"پلانم وەهایە کاری خۆم دابنێم تاکو داهاتێکی باش بەدەست بهێنم و بارودۆخی خێزانەکەم باشتر بکەم."
نەدا یوسف کالۆ، بەشداربوویەکی دیکەی پرۆگرامەکەیە و، دوکانێکی بچوکی بەرگدووری بەڕێوە دەبات لە کامپی کەبەرتۆ. ئەو بە پرۆسەی تەڵاقدا تێپەڕێوە و بەخێوکردنی چوار منداڵی لە ئەستۆدایە. نەدا لە ساڵی ٢٠١٤وە ئاوارە بووە.
نەدا وەك بەرگدوور لە کارگەیەکی جلوبەرگ لە شاری موسڵ بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری دەکرد، پێش ئەوەی بڕیار بدات بۆ خۆی کار بکات. پاش ریکەوتنی لەگەڵ ئەو کارگەیەی دایمەزراندبوو، نەدا دوکانێکی بچوکی لە شوێنی خۆیان لە شاری موسڵ بۆ خۆی کردەوە و کاری دەرەوەی کارگەکە وەردەگرت و لەگەڵ ئەوەشدا بنکەی کڕیارەکانی خۆیشی فراوانتر کرد.
بە سوودوەرگرتن لە پێشینە و قەزری وەرگیراو، نەدا وەبەرهێنانی بەرچاوی لەو کارەی لە ماڵەکەی خۆیدا داینابوو ئەنجام دا تا ئەو کاتەی کە موسڵ کەوتە دەست داعش، ئەمەیش خۆی و خێزانەکەیی ناچار بە هەڵهاتن کرد و گشت ئامێر و کەلوپەلەکانی کەوتنە بەر تاڵانی.
پاش ئەوەی لەو کامپەدا گیرسایەوە، پێویست بوو لەسەر دووبارە دەست بە کار بکاتەوە بۆ ئەوەی دەرامەتێك بۆ منداڵەکانی پەیدا بکات. دوکانێکی بچوکی بە هەندێك کەرەستەی سادەوە کردەوە. شارەزایی و ئەزموونەکەی بوونە سەرچاوەی بڕێك دەرامەت بۆی.
"زۆر توانا و شارەزایی هەن کە من نەمبوون و هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو لەبارەی ئەوانەی لەم راهێنانەدا فێریان بووم وەك بەڕێوەبردنی کارەکەت و، ریکلام و بانگەشەکردن بۆ بەرهەمەکانت و، هەروەها ئەوەی کە چۆن بتوانیت زیان و قازانجی خۆت بژمێریت. ئەمانە زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدانی کاری هەر کەسێك،" نەدا وەهای باس دەکات.
نەدا باس لەوە دەکات کە قەیرانی پەتای کۆڤید ١٩ کاریگەریی لەسەر کارەکەی ئەویش بەجێ هێشتووە بەوەی کە کەمبوونەوەی بۆنە و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان داخوازییان لەسەر جلوبەرگی نوێ کەم کردەوە. سەرباری ئەوەش، ئەو ئێستا وا خەریکە بە چاوی خۆی دەیبینێت کە بە هۆی پێدانی ڤاکسین و باشتربوونی هەوڵەکانی خۆپارێزی کارەکەی دەگەڕێتەوە رەوتی ئاسایی.
لە سایەی پاڵپشتییەکانی رێکخراوی یونیدۆ، نەدا دەیەوێت کارەکەی فراوان بکات و، دەیەوێت وەك هۆکارێکی راهێنان خزمەت پێشکەش بە ئەو ئافرەتانە بکات کە پێویستییان بە راهێنان و فێربوونی توانا و شارەزایی پێویست هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن و لە هەژاری قوتاریان ببێت.
نەدا دەڵێت، "ئەگەر بیر لە کەسانی دیکەش نەکەیتەوە، ئەوا ناتوانێت بیر لە خۆیشت بکەیتەوە."