بە راهێنانێکی گشتگیر لەسەر سەلامەتی و پاکژیی خۆراك لەپێناو چارەکردنی نەبوونی ئاسایشی خۆراك، رێکخراوی یونیدۆ تواناسازی بە بەرپرسانی عێراق دەبەخشێت
هەولێر، عێراق
رێکخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیدۆ) یەکێك لە دوو بەرنامەی راهێنانی چڕکراوەی خۆی لەسەر سەلامەتی و پاکژیی خۆراك وەك بەشێك لە پرۆژەی پاڵپشتیکراوی وڵاتی یابان سەرکەوتووانە بە ئەنجام گەیاند، لەژێر ناوی "پاڵپشتیی فریاگوزارییانەی هۆیەکانی پەیداکرنی بژێوی لەپێناو کەمکردنەوەی قەیرانی نەبوونی ئاسایشی خۆراکی لەنێو کەسانی لاواز و کەمدەستی عێراقدا." بەرپرسانی حکومی لە وەزارەتەکانی تەندروستی و، کشتوکاڵ و، بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەشدارییەکی چڕ و کارایان لە راهێنانێکدا کرد کە لە رۆژانی ١٣-١٨/٠٥/٢٠٢٣ ئەنجام درا.
مەبەست لە ئەم خولە گشتگیرەی راهێنان بریتی بوو لە بەهێزکردنی تێگەیشتن و تواناکانی بەرپرسانی حکومەت و، پێشکەشکردنی ئامراز و زانیاریی پێویست پێیان لەپێناو بەهێزکردنی سەلامەتی و پاکژی و کواڵیتیی خۆراك. بە ئاشناکردنی بەشداربووان بە بەرزترین پێوەرەکانی سەلامەتیی خۆراك و رێکارە وەزارییەکان، ئامانجی راهێنانەکە ئەوە بوو کە بەشداربووان بە جۆرێك ئامادە بکات بتوانن خزمەتگوزارییەکانی رێنیشاندان و باشترین شێوازی کارکردن پێشکەش بە دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری خۆراك بکەن و، بۆ ئەوەی پابەندبوونیان بە رێنماییە پیشەسازییەکان ئاسانتر ببێت.
لە ماوەی ئەو شەش رۆژەی راهێنانەکەدا، بەشداربووان بە وردی چەند لایەنێکی جیاوازی پەیوەست بە گواستنەوە و پرۆسەکانی چارەسەرکردن و هەڵگرتنی خۆراك و هۆکارەکانی پیسبوونیان تاوتوێی کرد. شارەزایانی ئاست باڵا لە فەرمانگەی کۆنترۆڵی جۆریی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی راهێنانەکەیان بەڕێوە برد و، زانیاریی وردیان لەسەر رێکار و ئامراز و رێنماییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکانی چارەسەرکردنی بە شێوەی سەلامەت بە بەشداربووان گەیاند.
خالیس محەمەد، وەك بەشداربوویەکی خولەکە، رەزامەندیی خۆی سەبارەت بە ئاکامەکانی پرۆگرامەکە بەم شێوەیە نیشان دا، "ئێستا تێگەیشتنێکی قووڵتر و شارەزاییەکی پێویستمان هەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکانی سەلامەتیی خۆراك. بەم زانیارییانەی پێمان دراوە، دەتوانین رێنمایی بەرهەمهێنەرانی خۆراك بکەن تاکو کارەکانی خۆیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆراك توندوتۆڵتر بکەن و، ئەمەیش بە شێوەیەك کە ببێتە پشتیوانیکردنی گەشەسەندنی کارەکانیان."
بە هۆی تێگەیشتنی لە رۆڵی تەوەرییانەی سەلامەتی خۆراك لە پەرەپێدانی هەمیشەییدا، محەمەد ئەوەیش ووت کە، "سەلامەتیی خۆراك رۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکدا هەیە و، بنچینەیەکی دوورمەودا بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و هەمیشەیی پێك دەهێنێت."
راهێنانەکە جەختی خستە سەر گرنگیی سەلامەتیی خۆراك لە پاراستنی تەندروستیی گشتیدا. ئەرخەوان ئیبراهیم، بەشداربوویەکی دیکەی خولەکە، باسی لەوە کرد کە پرۆگرامی راهێنانەکە جەخت خستوەتە سەر ئەو مەترسییانەی کە لە چالاکی و پرۆسەکانی ئامادەکردنی خۆراکدا دێنە پێش و، ئاماژەی دا بەوەی، "راهێنانەکە تیشکی خستە سەر رێوشوێنەکانی دڵنیایی و بەهێزکردنی کواڵیتی، کە نیشاندەرە سەرەکییەکانی تەندروستیی مرۆڤ دیاری دەکات."
لە سایەی داننان بە بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکانی دەستەبەرکردنی سەلامەتی خۆراك، ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە کە پێویست بە هەوڵی گشت ئەندامانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراك و دەسەڵاتەکانی رێککاری دەکات بۆ ئەوەی بتوانرێت گرفت و مەترسییەکان بدۆزرێنەوە و دەستنیشان بکرێن.
بە وەرگرتنی زانیاری و شارەزایی نوێ، بەشداربووان ئێستا تەواو ئامادە بۆ ئەوەی رێنمایی پسپۆرانە لەسەر چالاکییەکانی تایبەت بە دەستەبەرکردنی سەلامەتیی خۆراك بە جۆرێك پێشکەش بە پرۆژە و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی خۆراك بکەن کە پابەندی رێنماییە پەیوەندیدار و هەنوکەییەکان بن. دروستکردنی متمانەی بەکاربەران بە کواڵیتی و سەلامەتیی بەرهەمی خۆراكیی خۆماڵی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پشتیوانیکردنی گەشەی ئابوری لە پیشەسازیی خۆراك و خولقاندنی زیاتر و بەردەوامی دەرفەتەکانی کارکردن.
ئەم پرۆگرامەی راهێنان بە سەرپەرشتی رێکخراوی یونیدۆ دەبێتە نیشانەیەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پێوەرەکانی سەلامەتیی خۆراك و چارەکردنی قەیرانی نەبوونی ئاسایشی خۆراك لە عێراقدا. بە بەخشینی شارازەیی پێویست بە بەرپرسە حکومییەکان، پرۆژەکە دەیەوێت برەو بە پەرەپێدانی هەمیشەیی و، گەشەی کشتوکاڵ و، باشترکردنی ئاسایشی خۆراك لە سەرانسەری وڵاتدا بدات.