جەنابی بەڕێز ئەیاد عەلاوی
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق،
ڕاوێژکار سارا عەلاوی
میوانە بەڕێزەکان
ئامادەبووانی خۆشەویست،
من سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە دەکەم بۆ بانگهێشتکردنیان و بەشداربوونیشم لەم دیدارە گرینگەدا بەناوی بەڕێز محەمەد ئەلحەسانەوە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، مایەی شانازییە.
دەنگی ئێوە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستپێشخەران و نوێنەران، وەک لەم دیدارەی ئێستادا، لەوپەڕی گرینگیدایە. تاوتوێیەکانی ئەم ئێوارەیە دەرفەتێکی گرینگە بۆ ئاڵوگۆرکردنی بیروبۆچوونەکان و بەراوردکردنی ئەزموونەکان و خستنەڕووی راسپاردەکانیش بەشێوەیەکی ئازادانە بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو ئەو ئامانجە پیرۆزانە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە لەلایەن یونامی و ئاژانس و بەرنامە و فەندە پەیوەنددارەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەم ستایش وهەم پشتگیری کارەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی ژنان و بەهێزکردنی رۆڵیشیان لە ژیانی گشتیدا. ئەرکی پێسپێردراو(ماندێت)ی یونامیش تا داخستنی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دا پەرەدانە بە مافی ژنان و بەشداریی شایستە و یەکسانانە و تەواوەتییانە لە هەڵبژاردنەكاند.
ئێمە ستایشی هەوڵەکانی بەتواناکردنی ژنان دەکەین لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراقەوە بەگرتنەخۆی ئەوانەى بەڕێز ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، و بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقیشەوە.
ستراتیژی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٣٠ دیدوبۆچوون سەبارەت بە یەکسانی دەخاتە ڕوو لە کاتێکدا کە "پلانی کاری نیشتمانیی عێراق" لەبەر رۆشنایی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشدا، جەخت لەسەر بەهێزکردنی رۆڵی ژنان دەکاتەوە لە هەردوو بوارى ئاشتی و سەقامگیریدا.
من دەمەوێ بەتایبەتی دەسخۆشی لە دامەزراندنی ئەم دواییەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری ژنان و هەروەها لێژنەی باڵای پشتگیریکردنی بەشداریی سیاسییانەی ژنان بکەم. ئێمە لەنزیکەوە کار لەگەڵ ئەمانە و دەزگایەکانی تردا دەکەین بەگرتنەخۆی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راوێژکارەکانی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشەوە.
یونامی هەروەها کار دەکات لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سوود لە ئامۆژگاریەکانیشیان وەردەگرێت کە بەزۆری رووبەڕووى ئاڵنگاریی کۆمەڵایەتی و ئی تریش دەبنەوە و هەر بۆیە شایستەی ستایش و پێزانینی ئێمەن. من هەروەها دەمەوێت بەڕێزەوە باس لەو ژنانە بکەم کە لە تاوانی دڕندانەی ڕێکخراوە تیرۆریستەکاندا ڕزگاریان بووە لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەش کە ڕۆژانە لە خەباتدان بۆ زاڵ بوون بەسەر توندوتیژی و جیاکاریدا لە کار و لە ماڵ و چی لە ژیانی گشتیدا. هەر هەموویان رۆڵی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی ئایندەیەکی درێژخایەن کە تێیدا ژنان بەتوانا کرابن و مامەڵەی یەکسانانەشیان لەگەڵ پیاواندا لەگەڵدا کرابێت.
کارنامەی بنیاتنانی ئەم جۆرە ئایندەیە بەرفراوانە. لەسەر ئاستی یاسادانانیشدا، رێگەم بدەن بۆ نمونە ئەوە بڵێم کە ڕەشنووسی توندوتیژیی خێزانی تا ئێستاش لە پەرلەمان دەرنەچووە لەگەڵ کۆدی تازەش کە پێویستە بەگوێرەی یاسای باری خێزانیی هەموارکراو بن. هیوادارین کە ئەم دەستپێشخەرە یاساییانە بەگوێرەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق بن بۆ مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە چەسپاندنی مافی ژنان لە عێراقد رۆڵى کاریگەریان هەبێت.
بەهێزکردنی بەشداریی سیاسییانەی ژنان ئامانجێکی گرینگی ترە. لە هەلبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٣ دا، ژنان توانییان لەکۆی ٢٨٥ کورسی ٧٦ مسۆگەر بکەن و بەمەش توانییان رێژەی کۆتای لەسەدا ٢٥ تێپەڕێنن. شایانی باسە، سیستەمی کۆتا لەسەردەمی بەڕێز ئەیاد عەلاویدا هاتە کایەوە. هەرچەندە ئەمە پێشڤەچوونێکی گرینگ بوو کەچی بەداخەوە هیچ ژنێک با ئیستا نەیتوانیوە پلەی پارێزگار یان جێگری پارێزگار یان سەرۆکی ئەنجومەن بەدەست بهێنێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا کاری زۆرتر پیویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژنان دەتوانن بچنە ناو پرۆسەی بڕیاردان. ئێمە هەروەها بە تامەزرۆییەوە دەڕوانینە هەوڵی زیاتر بۆ پەرەدان بە بەشداریی ژنان وەک هەم وەک دەنگدەر و هەم وەک بەربژێریش لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا. لەراستیدا، پارتە سیاسییەکانیش رۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا دەبینن بە گرتنەبەری رێوشوێنێک کە گەیشتنی ژنان بۆ پلەی سەرکردایەتی مسۆگەر بکەن بە پشتگیریکردنی پێویستیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنییەکاندا.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
لە کۆتاییدا، من دەمەوێت باس لەو دەسکەوتانە بکەم کە تا ئێستا بەدیهاتوون لەلایەن ژنانی عێراقەوە خۆیانەوە لە هەوڵدانیان بۆ ماف و بەشداریی یەکسانانەیان لە ژیانی گشتیی وڵاتدا و هەروەها بە داننانیش بەوەی کە هەرچەندە کە ڕێگەی بەردەممان پڕە لە گیروگرفت بەڵام خۆشبەختانە دەرفەتیشی تێدایە.
نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراق بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم هەوڵانە. من لەو باوەڕەدام کە هەر کەس لە پەرەپێدانی مافی ژنان و بەشداریی سیاسیی یەکسانانەیان لە عێراقدا بەهرەمەند دەبێت بەتایبەتیش کە وڵات بەردەوامە لە گرتنی رێگای خۆی بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و گشتگیرتر.
جارێکی تر سوپاستان بۆ ئەم بانگهێشتە و بەهیوای تاوتوێی بابەتەکان لەم ئێوارەیەدا.
زۆر سوپاس