لێدوانی ڕۆژنامەوانی

خانووبەرە و پاڵپشتیی کۆمەلگەیی نوێ بۆ ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکەی کۆچۆ

٠١ نیسان ٢٠٢١

هەولێر ١ نيسان ٢٠٢١ - دەستپێشخەریی نادیە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، هەروەها ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکی بەیەکەوە کار دەکەن بۆ فرەوانکردنی پاڵپشتییەکان بۆ ئێزیدییە ڕزگاربووەکانی جینۆساید. ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دەستپێشخەریی نادیە هاوکاریی ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگەکە دەکەن کە لە جینۆساید ڕزگاریان بووە تا دەستیان بە چارەسەری درێژخایەن بگات لەڕێی دروستکردنی خانووبەرەی نوێ لە شوێنێکی نزیک لە گوندی کۆچۆ، وێڕای چەند ڕێوشوێنێکی تر بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکان بۆ ئەوەی هەست بە سەلامەتی و گوێلێگیران و پاڵپشتی بکەن لە بووژانەوەیاندا.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق و دەستپێشخەریی نادیە هەروەها یارمەتیی کۆمەڵگەکە دەدەن لە هەوڵەکانیان بۆ بەرزڕاگرتنی بیرەوەریی ئازیزانیان کە لەدەستیان داون ئەویش لەڕێگەی بە مۆنیومێنتکردنی هەندێک ناوچەی دەستنیشانکراو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی ئەو گۆڕستانەی کە ئێستا ڕووفاتی ئەو تاکانەی تێدا دەنێژرێن کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کۆچۆ دەرهێندرابوون.

لەم بارەیەوە نادیە مورا د، چالاکوانی ئێزیدی و سەرۆکی دەستپێشخەریی نادیە،گوتی "کۆمەڵگەی من لە کۆچۆ هەندێک لە خراپترین نەهامەتییەکانی بینیوە کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە. ئەوانەی کە لە جینۆسایدەکە ڕزگاریان بووە نزیەی حەوت ساڵە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەدان بۆ زێدی خۆیان. هەزاران ژن و منداڵ هێشتا بنبزرن لە دەستبەسەریدا. سەدان پیاو و ژن کە کوژران هێشتا ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە. ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی و دایکانی تەنیا دووچاری تەنگ و چەلەمە دەبنەوە لە دۆزینەوەی شوێنی حەوانەوە و پاڵپشتیی پێویست. من سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا لە کۆمەڵگەی ئێزیدی. ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی گرینگە بەرەو شیاندنی گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارەکانی کۆمەڵگەی کۆچۆ و ئاسانکاریکردن بۆ بنیاتنانەوەی ژیانێکی سەربەرزانە"

جۆن کاردیناس، بەڕێوەبەری نێردەی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکی لە عێراق لەمبارەیەوە گوتی، "ئەو نەهامەتییانەی کە ڕزگاربووانی جینۆساید ڕووبەڕووی بوونەتەوە وا دەکات کە گەڕانەوە زۆر بە ئازار بێت بۆ هەمان ئەو شوێنانەی کە ئەو کارە قێزەونانەیان تێدا ڕووداون. ڕاوێژکردن بە کۆمەڵگە بەشێوەیەکی مانادار و گشتگیر، هەروەها بەشداریپێکردنی هەر یەک لە چینی ڕزگاربووان و کۆمەڵگەکە بە گشتی لە بنچینەکانی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن و درێژخایاندنی ئەم دەستپێشخەرییەن. ئێمە شانازی دەکەین کە لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دەستپێشخەریی نادیە هاوبەشی دەکەین بۆ ئەوەی یارمەتیی ڕزگاربووانی جینۆساید بدەین بەشێوەیەکی سەلامەت بەسەر ئازارەکانیان زاڵ ببن و ژیانیان بنیات بنێنەوە."

سەر لە بەیانی زووی ڕۆژەی ٣ ئابی ٢٠١٤، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هێرشی کردە سەر شنگال، نیشتیمانی باوباپیرانی ئێزیدییەکان لە باکوری ڕۆژئاوای عێراق. داعش هەڵمەتێکی جینۆسایدی لە دژی ئەو گروپە کەمینەیە ئەنجام دا کە بووە هۆی ئەوەی ٩٠ لە سەدی دانیشتوانی شنگال ڕا بکەن، لەنێویشیاندا بە هەزارانیان ناچار بوون بە پێ سەربکەون و پەنا ببەنە بەر زنجیرە چیای شنگال. لە چەند کاتژمێر و ڕۆژانی دواتردا، وا مەزەندە دەکرێت کە هەزاران ئێزیدی کوژران و زیاتر لە ٦٤٠٠ی تریش ڕفێندران.

کۆچۆ، کە گوندێکی ئێزیدییە لە باشووری شنگال، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٧٠٠ کەس بوو کاتێک بوو بە گۆڕەپانی هەندێک لە خراپترین نەهامەتیەکانی دەستی داعش کاتێک چەکدارانی ئەو گرووپە گەمارۆی دانیشتوانی گوندەکەیان دا. دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکە ڕووبەڕووی داواکاری موسڵمانبوون یان مەرگ کرانەوە، سەرکردەکانی گوندەکە کەوتنە دانوستان بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزنەوە تا گوندییەکان بە سەلامەتی دەربچن. بەڵام لە ١٥ ئاب، دوای ١٢ ڕۆژ لە گەمارۆی پڕ لە ترس و تۆقاندن، داعش پیاو و کوڕ و ژنە بەتەمەنەکانی گوندەکەی کۆ کردەوە و کۆمەڵکوژی. کردن. ئەوەی کە مایەوە لە ژن و کچەکان هەموویان ڕفێندران بۆ کۆیلەی سێکس.

ئەگەر چی هێزە عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆنترۆڵی کۆچۆیان کردەوە، گوندەکە هێشتا هەر وێرانەیە و زۆرینەی خەڵکی گوندەکە هێشتا لە بارودۆخی سەختدا دەژین لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. زۆر لە ڕزگاربووەکان ئارەزووی گەڕانەوەیان دەربڕیوە بۆ زێدی خۆیان و بۆ سەر کار و کاسبیی پێشوویان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکەن کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەمان گۆڕەپانی نەهامەتیەکان.

سەرۆکی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق گێرارد وایت گوتی "تێکچوونی خانووبەرە و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوەی و نەبوونی خزمەتگووزارییە سەرەکییەکان چەند بەربەستێکی ڕوونن لەبەردەم گەڕانەوە بۆ ئاوارەکان لە سەرتاسەری عێراق. بۆ ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش لە کۆچۆ، ئەو زەبرە دەروونیەی کە بەریان کەوتووە بووەتە بەربەستێکی تریش. هەنگاونان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی جینۆساید لە بەدەستهێنانی چارەسەری دڕەژخایەن بۆ ئەوەی دەست بکەن بە بنیاتنانەوەی ژیانیان لەمێژە کاتی هاتووە. ئێمە خۆشحالین کە لەگەڵ دەستپێشخەریی نادیە و کۆمەڵگاکە کار بکەین بۆ خێراکردنی ئەم هەوڵانە.“

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوه‌كانى تری بەشدار بوو لەم دەستپێشخەرییە

USAID
United States Agency for International Development

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت