وتەی بەڕیز کلاودیۆ کۆردۆنی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان لە کۆڕبەندی سیاسی ژنان ناوەندی نەهرێن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی
چوارشەم ٢ی ئابی ٢٠٢٣
بەشداربووانی ئازیز
خانمان ، بەڕێزان
خۆشحاڵم بە پێشکەشکردنی وتارەکەم لەم بۆنەیەدا ، کە لە کاتێکی گونجاو دێت و تیایدا ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، کە بڕیارە لە ١٨ کانونی یەکەم ئەنجام بدرێت، گوڕ و تینێکی زۆری پێوە دیارە.
ڕێگام پێبدەن ئەوە بڵێم کە پێویستە ڕوون بێت، ئەویش ئەوەیە ژنان هەروەک پیاوان بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگاکانن و ماف و توانای یەکسانیان هەیە لە بەشداریکردن لە پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا ، هەروەک دەزانین ، ژنان لە سەر ئاستی جیهانیی و لە عێراقیش ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری پەیوەست بە کردارە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکان دەبنەوە، وێڕای ئەو ئاڵنگاریانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی ئەوانەوە هەیە بەوانەش کە پەیوەستن بە ڕۆڵی ژنان لە سیاسەت و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان . ئێمە لەو باوەڕە داین کە پتەوترکردنی بەشداریکردنی تەواو و یەکسانی ژنان لە گشت کایەکانی ژیانی ڕۆژانە بەرپرسیارەتی هاوبەشی ئێمەیە. زۆر گرنگە کە دەرفەتی هەڵبژاردنەکانی دادێ هەڵبقۆزینەوە بۆ برەودان بە ژینگەیەک ژنان تیایدا بتوانن هەموو تواناکانیان وەدەست بهێنن و بەشداریکردنی تایبەتی خۆشیان پێشکەش بکەن .
لەم چوارچێوەیەدا ، پێزانینی خۆمان ئاراستەی حکومەتی عیراق دەکەین لە بەرامبەر پێکهێنانی لێژنەی باڵای تایبەت بە پاڵپشتیکردنی سیاسی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی دادێی ئەنجومەنی پارێزگاکان. و دەستخۆشیش لە ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی پلانی کاری لێژنەکە دەکەین و چاوەڕوانی کارکردنین لەگەڵیان و بە هەماهەنگی پتەو لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەو دەزگایەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات و هەروەها چەندین دەستپێشخەری دەکات بۆ پتەوکردنی ڕۆڵی ژنان وەکو پاڵێوراو و وەکو دەنگدەر.
خۆشحاڵ بووم بەوەی پلانی کاری لێژنەی باڵا لە سەر بنەمای کرداری باش و وانە وەرگرتن لە کاری لێژنەی پێشووتر کە بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پێکهێندرابوو . یەکێک لە کردارە باشەکان تەرخانکردنی هێڵی گەرمی وەرگرتنی سکاڵاکانی پەیوەست بە ئاسایشی پاڵێوراوانی ژن بوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هەروەها دامەزراندنی چەندین لێکۆڵەرەوەی دادی بوو لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ لێکۆڵینەوە لە سکاڵای پەیوەست بە توندوتیژی دژ بە پاڵێوراوانی ژن لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت و لە دەرەوی تۆڕ .
بەشداربووانی ئازیز
کاری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان پشت بە بڕیاری ٢٦٨٢(٢٠٢٣) ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت کە لە مانگی ئایاری ڕابردوو دەرچووە و داوامان لێدەکات "ڕاوێژ و پشتگیریی و یارمەتی پێشکەش بکەین بە حكومهتى عێراق و كۆميسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكان دامودەزگایەکانی تری عێراقی لە هەوڵەکانیان بۆ برەودان بە ئامادەکارییەکانی ههڵبژاردنەکان و پرۆسەکانی هەڵبژاردنەکان بۆ زامنکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد بەهەلبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشەوە ، هەروەها پێشکەشکردنی ڕاویژ و یارمەتی بە حکومەتی عێراق بۆ مسۆگەرکردن و بەشداریپێکردن و نوێنەرایەتیکردنی ژنان بە شێوەیەکی تەواو و یەکسان و واتادار لە هەموو ئاستەکانی بڕیاردان بە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانیشەوە"
وەکو نمونە بۆ کارەکانی یونامی دەمەوێت ئاماژە بە کردارەکانی پێداچوونەوەی تایبەت بکەم کە لەم دواییانە ئەنجامدرا بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵتر دەربارەی پشتیوانیکردنی پارتە سیاسییەکان بۆ پتەوکردنی سەرکردایەتی ژنان لە نێو هەیکەلی حیزبی . ئەم پڕۆژەیە لەسەر دەستپێشخەرییە پێشووەکانی یونامی بونیاتنراوە ، کە ئەمانەن: ئەنجامدانی توێژینەوەیەک دەربارەی پێداویستی و ئالنگارییەکان کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دێنە ناو کایەی سیاسی دەبنەوە ؛ و پێشکەشکردنی خولی ڕاهێنان و مەشقکردن لە بواری سەرکردایەتیکردن ؛ و چاودێریکردنی گوتاری ڕق و کینە دژ بە پاڵێوراوانی ژن لە و ماوەیەی کەوتبووە پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ .
بەشێک لە ڕاسپاردەکانی ئەم پێداچوونەوە بریتی بوون لە پەسندکردنی بەندی یەکسانی و جیاکاری نەکردن لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان و یارمەتیدانی ژنان لە ئامادەکردنیان بۆ گێڕانی ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن و برەوە دان بە ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سیاسی ، بە ئیمزاکردن لەسەر ڕێساکانی هەڵسوکەوت کە ڕیگری لە جیاکاری و گوتاری ڕق و کینە دەکات دژ بە ژنان .
هەروەک دەزانین ، ٩٧ ژن لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ ی ئەنجومەنی نوینەران بوونە ئەندام پەرلەمان ئەمەش بریتیە لە ڕیژەی ٢٩٪ دەستەی یاسادانان و زیاترە لە رێژەیەی کۆتا کە بە لایەنی کەم دەبێت ٢٥٪ بێت. بە پێی دەستور ، یاسای هەڵبژاردن کە ئەمساڵ پەسند کرا ڕێژەیەکی هاوشێوەی بۆ بەشداریکردنی ژنان تەرخانکردووە. ئەگەر ژنان هەوڵەکانیان یەکخەن و پارتە سیاسییەکانیش نیەت پاکی و پابەند بوونی خۆیان بە پشتگیریکردنی ژنان بە ئەنجام بگەینن ئەوە لاوانەیە هەمان دەسکەوتی ساڵی ٢٠٢١ دووبارە ببێتەوە .
سەبارەت بە حکومەتیش ، دەمەوێت دەستخۆشی لە پابەندیی کارنامەی حکومەتی سەرۆک وەزیران موحەمەد شیاع سودانی بکەم بە گرتنە خۆی" بە تواناکردن وپشتیوانیکردن و پاراستنی ژنان بە پێی دەستور و یاساکانی عێراق"
لە کۆتاییدا ، پابەندیی چەسپاوی نێردەی یونامی بە کارکردن لەگەڵ ئێوە و گشت لایەنی پەیوەندار لە حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی دووپات دەکەمەوە لە پیناو بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنی تەواو و یەکسان و واتا بەخشی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی دادێ و دواتریش.
زۆر سوپاس