بەهێزکردنی خۆڕاگریی: هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆڕاگریی ژینگەیی لە عێراق
نووسینی : غولام ئیسحاقزای، هەماهەنگیکاری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
لە راستیدا، گۆڕانی ژینگە و کەمیی ئاو هەڕەشەی مەترسیدارن لە سەر سەقامگیریی عێراق و خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی. عێراق تووشی چەندین ئاڵنگاری ئاڵۆز و لێکگرێدراو بووەتەوە کە پیویستیان بە کاری گشتگیر و هەماهەنگ هەیە. تیمی وڵاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە سەرکردایەتی بەندە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئاوڕدانەوەیە لەم پرسە گرینگانە بە کارکردنی بێ وچان بۆ هێنانەدی خۆراگریی درێژخایەنی زیاتر بۆ هەموو عیراقییەکان. ئێمە لەڕێگەی نووسینگەی هەماهەنگیکاری نیشتەجێوە کار دەکەین بۆ پتەوکردنی شارەزایی و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرتنەبەری شێوازی پڕ هەماهەنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گەشەپێدان. هەروەها لەڕێگەی ئەم شێوازە هاریکارییەوە دەتوانین کاریگەریمان زیاد بکەین و چارەسەری گشتگیریش بخەینە ڕوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فاکتەرە پەیوەنددارانە کە لە گۆڕانی ژینگەیی و کەمئاویدا بەشدارن. ئەمە نەک هەر سووککردنی کاریگەرییە راستەوخۆیەکانی ئەم هەڕەشە ژینگەییانە دەگرێتەوە بەڵکوو لە هۆکارە پاڵنەرەکانیشی دەکۆڵێتەوە وەک لەڕێگەی بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی رێکوپێک. نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوا هەوڵی خۆی لەڕێگەی ژمارەیەک دەسپێشخەریی سەرەکییەوە خستووەتەڕوو وەک:
1. داڕشتنی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ ئاووهەوا .
عێراق یارای (موعەڕەز) کاریگەرییەکانی گۆرانی ژینگەیی وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی و بەبیابانبوون کە بە توندی کار دەکەنە سەر بەروبۆمی کشتوکاڵی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی. بۆ ئاوڕدانەوەش لەمە، تیمی وڵاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بەسڕە لە ساڵی 2023 یەکەم کۆنفرانسی سەبارەت بە ژینگە رێکخست کە لە ئەنجامدا "جاڕنامەی بەسڕە" ی لێکەوتەوە شانبەشانی پابەندی و دەسپێشخەرییەکانی حکومەتی وەک هەڵمەتی دارچاندن بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگریی ژینگەیی عێراق. ئەم هەڵمەتەش بووە مایەی وشیاریی نیشتمانی و نێونەتەوەیی و هەروەها هاوکاری سەبارەت بە پرسە ژینگەییەکان و دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ پلانی ئایندە سەبارەت بە ژینگە بەگرتنەخۆی "پلانی نیشتمانی" و "هەماهەنگی نیشتمانیی بڕیار لێدراو" دا. مەبەست لە جاڕنامەی بەسڕە بەهێزکردنی توانای دامودەزگایی و تەکنیکی و ئابووری لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی ژینگەیی بە تێکهەڵکێشکردنی ستراتیژی درێژخایەن لەجیاتی ستراتیژی مامناوەند لە پلاندانانی نیشتمانی و ناوخۆییدا.
2. پتەوکردنی ئاسایشی ئاو
عێراق بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین و زۆر بەکارهێنانی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات. ئەم کێشانە بەهۆی ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی ئاو و کردارە کشتوکاڵییەکانەوە خراپتر دەبن.
ساڵی ڕابردوو عێراق یەکەمین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە بەشداری لە پەیماننامەی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، ئەمەش جەخت لە پابەندبوونی وڵاتەکە دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی هەرێمیی و دڵنیابوون لە بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئاو ، کە گرنگە بۆ سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە.هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئامانجە نەتەوەییانەدا ، نووسینگەی هەماهەنگیکاری نیشتەجێ سەرکردایەتی "تیمی کاری ئاو " دەکات کە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆدەکاتەوە بۆ باشترکردنی بەرێوەبردنی ئاو و بەهێزکردنی بوژانەوەی کشتوکاڵی و باشترکردنی بەردەوامی بەکارهێنانی ئاو.
بۆ نموونە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری (یونسکۆ) و ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) پێکەوە کاردەکەن بۆ یەکخستنی زانیارییە نەریتیە باوەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیای مۆدێرن و باشترکردنی بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی عێراق.
سەبارەت بە ناوچەی شەنگال، دەسپێشخەری ڕێکخراوی یونۆپسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەرکی دارایی حکومەتی ئیتالیا لە هەوڵی گۆڕینی بەردەستبوونی ئاوی ناوخۆییە بەگوێرەی پێویستبوونی دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هەموو عیراقییەکان. بەهەمان شێوەش، لە پارێزگای نەینەواشدا، ڕێکخراوی یونیسێف سیستەمی پاککردنەوەی ئاوی لە خوێ لە 7 گوند داناوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە مایەی باشکردنی بارودۆخی ژیان لەو ناوچانەی کە بەرکەوتەی گۆڕانی ژینگەیین.
3. پاراستنی زۆنگاوەکانی وڵاتی نێوان دوو ڕوبارەکە (میزۆپۆتامیا)
زۆنگاوەکانی میزۆپۆتامیاسیستەمێکی ژینگەیی بێهاوتا و شوێنێکی کەلەپووریی جیهانیی یونسکۆیە ، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوون و کردارەکانی بەڕێوەبردنی نابەردەوامی ئاوەوە هەڕەشەیان لەسەرە، کە کاریگەری ژینگەیی و مرۆیی خراپ و سەخت جێدەهێلن .
نووسینگەی هەماهەنگیکاری نیشتەجێ هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پاراستنی زۆنگاوەکان لە ڕێگەی پەرەپێدانی ستراتیژیەتەکانی ژینگە و پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی دارچاندن و و ئاسانکردنی پلانی خۆگونجاندنی کۆمەڵگا بۆ باشترکردنی بژێوی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان.
بۆ نموونە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) پڕۆژەی دارچاندن لە هەریەک لە باشوری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، ئەمەش لەگەڵ ئامانجی حکومەت بۆ چاندنی پێنج ملیۆن دار تا ساڵی 2029 یەکدەگرێتەوە . ئەم هەوڵانە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە ستراتیژی نیشتمانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێگەی پلانی خۆگونجاندنی خۆجێیەوە ، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.
لەمەش زیاتر، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین پێشڤەچوونی لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکاندا هێناوەتە ئاراوە وەک پەیڕەوکردنی ستراتیژی ژینگەیی نیشتمانیی درێژخایەن بۆ بەڕێوەبردنی زەوی و زار کە بۆ کاری کشتوکاڵ و پاراستنی زۆنگاوەکان لەوپەڕی گرینگیدان. شایانی باسە، ئەم دەسپێشخەرییانە بوونە مایەی یارمەتیدان لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و باشکردنی ژیان و بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان بۆ ئەوەی بچنە ناو لیستی شوێنەواری جیهانیی یونیسکۆوە و هەروەها یارمەتیدانی عێراق بۆ پەرەپێدانی "بەشداریی بڕیارلێدراوی نیشتمانی" ی 2025 کە پەیوەستە بە پابەندیی وڵات بە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ژینگە وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەی پاریس.
ئەم هەوڵانەش دەرگایان بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە دا کردەوە لەگەڵ پەرەدان بە گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی دەرچوونی کاربۆن.
4. برەودان بە سیسەتەکانی وزەی نوێبووەوە
پشتبەستنی زۆری عێراق بە سووتەمەنییە بەردینیەکان نەک هەر سەقامگیری ئابووری سنووردار دەکات بەڵکو دەبێتە هۆی دەردانی زۆری گەرمیی گاز. ئەم وڵاتە توانایەکی بەرچاوی هەیە بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە، بەڵام لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی پێویست ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە.بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاسانکاری کردووە بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی یاسای وزەی نوێبووەوەی عێراق، کە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی وزەی نوێبووەوە. یاسای پوختەکراوی وزەی نوێبووەوەی ژینگەیەکی باشتری بۆ وەبەرهێنانی وزەی نوێبووەوە دروستکردووە.
بە هەمان شێوە، دەستپێشخەرییەکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) پشتیوانی لە گۆڕانی عێراق دەکات لە پشتبەستن بە نەوت لە ڕێگەی پلانە نیشتمانییەکانی خۆگونجاندن - کە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانەکان و ئامادەکاری بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەخاتەڕوو. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی عێراق دەدات لە پەرەپێدانی بەشداریبوونە سنووەردارە نیشتمانییەکانی بۆ ساڵی 2025، کە پابەندبوونی وڵاتەکەیە بۆ کەمکردنەوەی دەردانەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا وەک بەشێک لە ڕێکەوتننامەی پاریس.
ئەم هەوڵانە ڕێگایان کردەوە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە و برەودان بە گەشەی ئابووری بەردەوام و کەمکردنەوەی پەنجەمۆری کاربۆنیی وڵات.
ئایندەیەکی بەردەوام و و خۆڕاگر بۆ عێراق
کاری بەکۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وڵاتەکەی خستە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست بەرەو بەردەوامی ئاوهەوا توانای خۆڕاگڕیی . چوارچێوەی هاریکاری داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام (UNSDCF) بۆ ساڵی 2025-2029 هەوڵەکانمان دەخاتەڕوو بۆ یارمەتیدانی عێراق لە کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و پاراستنی شوێنەوارە ناوازە ژینگەیی و کەلتوورییەکان.
لە کاتێکدا ئێمە دەڕوانینە ئایندە ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هێشتا پابەندە بە پشتیوانیکردنی حکومەت و خەڵکی عێراق بۆ وەدیهێنانی ئایندەیەکی بەردەوام و خۆڕاگر.