چیڕۆک
٠١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٣
یونامی و تۆڕی عێراقی بۆ سۆشیال میدیا INSM ڕاهێنان لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و مافە دیجیتاڵییەکان لە بەغدا ئەنجام دەدەن
ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی 2023 نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی یونامی و تۆڕی عێراقی بۆ سۆشیال میدیا INSM ڕاهێنانێکی هاوبەشی دوو ڕۆژەیان لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و مافە دیجیتاڵییەکان ئەنجامدا. چالاكیەكە لە بارەگای (کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ له عێراق) لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو.
لە ڕاهێنانەکەدا 24 كەس (13 ژن و 11 پیاو) بەشداربوون. ئەم ڕاهێنانە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و بلۆگەران و پارێزەران و كارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقی لەخۆگرتبوو.
لە ڕاهێنانەکەدا ڕێنمایی سەبارەت بە چۆنیەتی گەڕان بە سەلامەتی لە فەزای ئەلیکترۆنیدا پێشکەشکرا، لە هەمان كاتدا گرنگی درا بە چۆنیەتی باشترکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی بۆ داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی زانیارییان لەسەر مافە دیجیتاڵییەکان. هەر لە چالاكیەكەدا ئامرازی پراكتیكی بەهێزکردنی سەلامەتی بەشداربووان لە ژینگەی دیجیتاڵیدا، وەكو ئیتیكی پەیوەندیکردن و هەڵگرتنی داتا و پاراستن لە هاککردن، بەكارهێنرا.
بەڕێز دیمیتێر چالێڤ، بەرپرسی نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی یونامی، بەبۆنەی تەواوبوونی ڕاهێنانەكە لە ٣٠ی ئەیلول پیرۆزبایی لە بەشداربووان كرد و وتی، “ئامانجی سەرەکی ڕاهێنانەکە بەرزکردنەوەی ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی بەشداربووان بوو کە پەیوەندییان بە پاراستنی ئینتەرنێت وفراوانکردنی فەزای مەدەنی لە ئینتەرنێت هەیە”.
ئەم ڕاهێنانە یەکەم ڕاهێنانە لەمیانی زنجیرە ڕاهێنانێكی هاوشێوە کە بڕیارە ئەمساڵ لە کەربەلا و کەرکوک و ناسڕیە و هەولێر ئەنجام بدرێت و قۆناغی سێیەمی دەستپێشخەرییەکی بەردەوامە کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێکردووە. تا ئێستا بە گشتی ٣٢٧ بەشداربوو ڕاهێنانیان لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و مافە دیجیتاڵییەکان لە هەردوو عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی عێراق وەرگرتووە.