نووسينگه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ

کارو چالاکیەکانی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/یونامی لەسەر بنەمای پڕەنسیپێکە ئەویش" هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایك دەبن و لەماف و شکۆمەندیشدا یەکسانن"

بەپێی ئەو ماندێتەی کە بەبڕیاری ٢٥٢٢ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پێیدراوە نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/یونامی (نووسینگە) کاردەکات بۆ هاوکاریکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عیراق بەمەبەستی برەودان بە لێپرسینەوەو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی سەروەری یاسا. وەك بەشێکێش لەکارە سەرەکیەکانی نووسینگە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی دوو ماندێتی پارێزگاری کردن کە ئەوانیش بریتین لە توندوتیژیە سێکسیەکانی پەیوەست بە ململانێکان و پاراستنی منداڵ.

هەروەها نووسینگە چەندین چالاکی تری بە هامەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کەوتۆتە ئەستۆ وە لەنزیکەوەش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و دەزگا نیشتیمانیەکانی مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات.

بەرپرسی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ/یونامی وەك نوێنەری نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ خزمەت دەکات، هەروەها لەگەڵ ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراقدا کاردەکات بۆ دڵنیانوونەوە لەوەی کە مافەکانی مرۆڤ کۆلەگەی سەرەکیی بەرنامەی کارو جێبەجێکردنی پلانەکانە.

لە نووسینگەکەدا کارمەندی بیانی و ناوخۆ کاردەن لە بەغداو بەسراو موسڵ و هەولێرو کەرکوكدا. کارەکانی نووسینگە بریتین لە چاودێریکردن و دۆکۆمێنتکردن و ڕاپۆرتکردن لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عیراق، هەروەها بەشداردەبێت لەگەڵ هەریەك لە حکومەتی عیراق و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە داکۆکیکردن لەسەر بنەمای بەڵگە لەڕێگەی ڕاپۆرتە گشتییەکان و دیالۆگی نهێنیدا.

ئامانجی کارەکانی نووسینگە بۆ برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لەم بوارانەدا دەگلێتەوە:

  • بەهێزکردنی سەروەری یاساو لێپرسینەوە بۆ پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ.
  • برەودان بە یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری.
  • برەودان و پاراستنی پانتایی مەدەنی و بەشداریپێکردنی خەڵك.
  • قەدەغەکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە بارودۆخی توندوتیژیدا.
  • پاراستنی منداڵ.
  • توندوتیژیە سێکسیەکانی پەیوەست بە ململانێکان.

چەند نمونەیەکی کارەکان لەئێستادا:

ئازادی ڕادەربڕین و گردبونەوەی ئاشتیخوازانە

نووسینگە هەڵدەستێت بە چاودێریکردنی ئازادی ڕادەربڕین و گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و برەودان و لێپرسینەوە لە توندوتیژیەکان بەرامبەر بەم مافە. وەك کاردانەوەیەکێش بۆ خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری لە عیراق کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا دەستی پێکردو زۆربەی پارێزگاکانی گرتەوە. نووسینگە هەڵساوە بە بڵاوکردنەوەی پێنج ڕاپۆرت، لەنێویاندا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل بوو کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ دا دەرچوو بە ناونیشانی توندوتیژی و پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سیاقی خۆپیشاندانەکان لە عیراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا نیسانی ٢٠٢٠. ئەم ڕاپۆرتانە بەتێروتەسەلی باس لە پێشێلکاریەکانی مافاکانی مرۆڤ دەکەن لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سەر بە حکومەتەوە ئەنجامدراون لە نێویشیاندا ئەمانەی خوارەوە: زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز و گرتنی هەڕەمەکی و کوشتنی بە ئامانجکردن و ، وونکردن و ڕفاندن و ئەشکەنجادان و مامەڵەی نەشیاو؛ هەروەها هێرشی توندوتیژ بۆ سەر شوێنی خۆپیشاندانەکان. هەروەها ئەم ڕاپۆرتانە چەندین کاری تۆقاندن و گێچەڵپێکردنی نیشان کردووە کە لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە ئەنجامدراون کە بەشێوەیەك لە شێوەکان لکاون بە حکومەتەوە بۆ بەئامانجکردنی ئەو کەسانەی پەیوەستن بە خۆپیشاندانەکان و چالاکیی سیاسی ئەنجامدەدەن. لەم بارەوەش ڕاپۆرتەکان چەندین ڕاسپاردەیان پێشکەش بە حکومەت کردووە بەتایبەتیش دەربارەی بابەتی لێپێچینەوە.

لەپاڵ ئەمەشدا نوسینگە لەگەڵ حکومەتدا کاردەکات دەربارەی ئەو یاسایانەی کە کەریگەریان هەیە بۆ سەر ئازادییە سەرەتاییەکان، لەنێویشیاندا یاسای تاوانی ئەلیکترۆنی و ئازادی ڕادەربڕین و یاسای گەیشتن بە زانیاریەکان. هەروەها نووسینگە لەگەڵ لایەنە کاراکانی تریش لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا کاردەکات لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئازادییە سەرەتاییەکان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە.

وەدەستهێنانی دادپەروەری

نووسینگە بەبەردەوامی کاردەکات بۆ برەودان بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، ئەمەش لەڕێگەی چاودێریکردنی پرۆسەی دادگایکردنی ئەو کەسانەی کە بە بانگێشەی داعشبوونەوە تۆمەتبارکراون. ئامانج لەم بەرنامەیەش بریتییە لە هاوکاریکردنی حکومەت بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دادگەری دادپەروەر وەك بناغەیەكی سەرەکی بۆ ووڵاتێکی دیموکراسی کە متمانە لەلایەن خەڵکەوە دروستبکات، لەهەمان کاتیشدا بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و توانای بەرگەگرتن لەدژی توندوتیژی. لە کانونی دووەمی ٢٠٢٠، نوسینگە ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی مافەکانی مرۆڤ لە پڕۆسەی دادگەریدا لە عیراق بڵاوکردەوە : دادگایکردن بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاریگەریەکانی لەسەر دادپەروەری و لێپێچینەوەو یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی لەدووای داعش. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ یشدا وە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری نوسینگە دەستیکرد بە کامپینێك لە ڕێگەی پۆستەروە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەشێوەی کاریکاتێر بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پڕۆسەو مافاکانی کەسانی گومانلێکراو لە کاتی لێکۆڵینەوەکان کە گونجاو بێت لەگەڵ یاساکان لە عیراقدا.

زیادلەمەش لە مانگی تەموزی ٢٠١٩ ەوە نوسینگە هەڵساوە بە دامەزراندنی بەرنامەیەکی سیستەماتیک بۆ چاودێریکردنی سەنتەرەکانی ڕاگرتن و گواستنەوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ تۆکمەکردنی مافی کەسانی گومانلێکراوو ئەو کەسانەی کە لە سەنتەرەکانی ڕاگرتن و گواستنەوەدا ڕاگیراون، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ڕێگاکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو بەشێوەیەکی کارا.

مافی ئافرەتان

نووسینگە کار دەکات بۆ برەودان و ڕێزگرتن لە مافی ئافرەت و لەخۆگرتنی سیاسەتەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە لێپێچینەوە لە توندوتیژیەکانی لەدژی ئافرەتان لەنێویشیاندا توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر. لەڕێگەی چالاکیەکانی چاودێریکردن و ڕوداوەکانی توندوتیژی لەدژی کچان و ژنان وەك کوشتن و جۆرەکانی تری توندوتیژی بەدۆکۆمێنت کراون. لەپاڵ ئەمەشدا نووسینگە داکۆکی کردووە بۆ بەهێزکردنی پارێزگاریلێکردنی یاسایی بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزانی و گونجاندنی ئەحکامە یاساییەکان لەگەڵ ستانداردەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی. نووسینگە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کاراکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.

لە ٢ی ئازاری ٢٠٢١ دا نوسینگە هەڵسا بە نمایشکردنی کورتەفیلمی "شکاندنی بێدەنگیەکان" بەمەبەستی برەودان بەم هەوڵانەی کەوا توندوتیژی خێزانی بەتاوان هەژمار دەکەن لە عیراقدا، وە بەفەرمیکردنی سیستەمێکی کارا بۆ قوربانیەکان و لێپێچینەوە لە تاوانباران لە کەیسەکانی توندوتیژی خێزانیدا.

کۆڤید-١٩ و مافی تەندروستی

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ پێشڕەوی کەمپینێکی هۆشیارکردنەوەی کردووە دەربارەی کاریگەریەکانی کۆڤید-١٩ بەسەر مافەکانی مرۆڤەوە، هەروەها هەماهەنگیشی کردووە بۆ داکۆکیکردن لە پێوەرەکانی خۆپارێزیی تەندروستیی بەردەوام لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە، لەنێویشیاندا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و دیواربەندو پۆستەرو موزیك و پۆستکاردەکان.

هەر لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ دا، نوسینگە پێشبینیەکانی دانابوو وە بەردەوامیش بوو لە جێبەجێکردنی کەمپینێك بۆ ڕوونکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەسەر رەهەندەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆڤید-١٩دا هەروەها برەودان بە پابەندبوون بە ڕیکارەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید-١٩لە سەرانسەری عیراقدا. لەگەڵ زیاتر تەشەنکردنی ڤایرۆسەکەو دەرکەوتنی بابەت و ڕێکاری نوێی تەندروستی نووسینگە هەڵساوە بە بڵاوکردنەوەی پەیام بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هەریەك لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف و نووسینگەی میدیاو زانیاری لە یونامی.

کەمپینەکە لەسەر چەند بنەمایەکی جیاواز دەستیپێکرد، کەبریتی بوو لە چەند گۆرانیەکی ڕاپ لەلایەن بەڕێزان لیجیندەری و ڕاز و گۆڵدن نینۆس، هەروەها ٢٠ وێنەی کاریکاتێری و ٣٥ پۆرتەرێتی دیواربەند و ٢٨٥٠٠ پۆستەرو ٣ کورتە ڤیدیۆو ١٠٠٠٠ پۆستکارد کە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بەدەست بڵاوکرانەوە. تەواوی کەمپینەکە بەهەرسێ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، لەگەڵ جەند پۆستەرێک کە وەرگێڕدرابوون بۆ ئاڤێستاو ئاشوری و مەندائی و تورکمانی و ئێزیدی کە تەنها لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە یونامی نیو ملیون بینەریان هەبوو.

مافی پێکهاتەکان

نووسینگە کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت لە هەوڵەکانیدا بۆ زامنکردنی پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئیتنی و زمان و ئاینەکان لە عیراقدا. وەك بەشێك لەم هەوڵانەشیدا، نووسینگە هەڵساوە بە ڕێکخستنی دوو گروپی کار کە ئەندامەکانی پێکهاتوون لە نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی عیراقی و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتە کوردیەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق/ کوردستان. ئەم گروپی کارانە پلاتفۆرمێك دەخەنە بەردەست بۆ دانانی هەنگاوە پراکتیکیەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی کەلەلایەن لێژنەی زاڵبوون بەسەر جیاکاری ڕەگەزیدا کەلە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دا دەرچوونە.

بەمەبەستی کاراکردنی دایەلۆگی گشتی دەربارەی کێشەکانی پێکهاتەکان و مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٠١٩ دا نوسینگە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی تەلەفزیونی عیراقی بەشداریکردووە لە بەرهەمهێنانی زنجیرەیەك کورتەفیلم لەسەر بابەتەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکان کە لە ڤیستیڤاڵی (3by3) ی سینەمائیدا لە بەغدا نمایش کران. هەروەها نوسینگە هەڵساوە بە ئەنجامدانی ٣٣ چالاکیی تر بۆ نمایشکردنی فیلمە هەڵبژێردراوەکان لە ١٧ پارێزگادا لەکۆی ١٨ پارێزگا لە عیراق کە ماوەی شەش مانگی خایاند.

لەمیانی دووا پێداجونەوەی خولی گشتگیردا لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، عیراق رازی بوو بە لەخۆگرتنی یاسایەك بۆ لێکۆڵینەوەو سزادان لە جیاکاریکردن لەسەر بنەمای یائن و بیروباوەڕ. لە ٢٠٢١ کیشدا نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یونامی هاوکاری تەکنیکی پێشکەش بە عیراق دەکات بۆ زامنکردنی ئەوەی کە یاساکە بگونجێت لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتیەکانی عیراق، هەروەها هاوکاری عیراقیش دەکات لە جێبەجێکردنیدا.

چیرۆکەکانی ئاشتی

لەمیانی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ئاشتیدا، یونامی بەشداری کردووە لەگەڵ کۆمەڵگا خۆجێیەکان بۆ دۆکۆمێنتکردنی چۆنیەتی دەستپێشخەریەکانی گەنجەکان لە چارەسەرکردنی مەترسییە هاوبەشەکانی مافەکانی مرۆڤ لەنێو پێکهاتەکاندا، هەروەها هاندانی هەماهەنگی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی چارەسەری جۆجییی. بە لێکنزیکردنەوەی چالاکوانەکان لە پێکهاتە جیاکاندا لەسەرانسەری ووڵاتدا. مەبەست لەم پڕۆژەیە برەودانە بە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو خەڵکی عیراق.

وونکردنی بەزۆرەملێ

نووسینگە هەڵساوە بە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دیارکردنی چارەنوس و شوێنی کەسانی وونبوو، ئەمەش لەڕێگەی ئاسانکاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ لێژنەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە کەیسەکانی وونکردنی بەزۆرەملێ و ڕاپۆرتکرن.

لەمانگی ئابی ٢٠٢٠ دا نوسینگە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی" وونکردنی بەزۆرەملێ لە پارێزگای ئەنبار بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ و لێپرسینە بۆ قوربانیەکان و مافی دەرخستنی راستیەکان" ڕاسپاردەکان هانی داننان بە کەیسەکانی وونکردنی بەزۆرەملێ دەدەن و داوای لێپێچینەوە لە تاوانباران دەکەن لە چوارچێوەیەکی یاسایی نێوخۆی بە‌هێزدا لەدژی وونکردنی بەزۆرەملێ لەگەڵ زەماناتی ڕیکارە یاساییەکان و هاوکاریی تۆکمەو میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانی پەیوەست. هەروەها دەتوانرێت ئەو چوارچێوەی لێپێچینەوە و دادپەروەرییە بەکاربهێنرێت کە لە راسپاردەکاندا هاتووە بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانی وونکردنی بەزۆرەملێ لەسەرانسەری ووڵاتدا.

پاراستنی منداڵ

نووسینگە هەماهەنگی دەکات لە جێبەجێکردنی چالاکیەکانی پاراستنی منداڵی سەر بە یونامی بەپێی بریارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بە منداڵ و کێشە چەکداریەکان. کارەکان زیاتر تیشك دەخەنە سەر پاراستنی منداڵ و خۆشگوزەرانیان و پشتگیرکردنی دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان لە هەموو لایەناکانی چالاکی و سیاسەتەکان و پلانی ستراتیژیی نێردەکە. ئەمەش پێشرەوی کردنی ئەم گڕوپی کارە دەگرێتەوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ یونیسێف دەستیپێکراوە بۆ چاودێریکردن و ڕیپۆرتکردنی کەیسەکانی منداڵ و کێشە چەکداریەکان.

برەودان بە مافی پەروەردە یەکێكە لە بوارە سەرەکیەکانی جەختکردنەوە، چونکە یەکسانی لە گەیستن بەمافی پەروەردە وادەکات مافەکانی مرۆڤی تریش فەراهەم بکرێن، هەروەها دەبێتە هۆکارێك بۆ وەدەستخستنی ئاشتەوایی و سەقامگیری درێژخایەن بۆ چاکترکردنی باری ئابوری و کۆمەڵایەتی. نووسینگە زنجیرەیەك ڕاپۆرتی بڵاوکردۆتەوە بۆ دۆکۆمێنتکردنی ئەو بەربەستانەی کە منداڵان و گەورەکانیش دووچاری دەبنەوە لە گەیشتن بە مافی پەروەردە، بەتایبەتیش لەم ناوچانەی کە پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، هەروەها نووسینگە بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتوون.

ڕاپۆرتی یەکەم جەخت لەسەر مافی پەروەردە داکاتەوە لەعیراق: بەشی یەکەم- کاریگەریی کۆنترۆلی داعش لە ناوچەکان لەسەر مافی گەیشتن بە پەروەردەو فێربوون، کە لە شوباتی ٢٠٢٠ دا بڵاوکرایەوە کە زیاتر جەخت دەکاتەوە لەسەر گەیشتن بە مافی پەروەردەی دووای قۆناغی سەرەتایی بۆ منداڵان و گەنجانی ( سەرووی ١٨ ساڵ) ئەوانەی کە لەناوچەکانی ژێردەستی داعشدا دەژیان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧، لەنێویشیاندا ئاوارە نێخۆییەکان. لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دا نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتی دووەمی بڵاوکرداوە لەسەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە پەروەردەو فیرکردنی کچان لەدووای داعش کە تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی گرنگی کچانی ڕۆشنبیر لە سەقامگیری و چاکبوونەوە لەدووای کێشەکاندا.

توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ/یونامی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ماندێتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش. کارەکانیش بە هەماهەنگیەکی تۆکمە لەگەڵ گروپی پارستنی نیشتیمانی و گروپە لاوەکییەکانی تری توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکاندا جێبەجێدەکرێت بەمەبەستی هاوکاری لە کۆکردنەوەی زانیاری وەك بەشێك لە چاودێریکردن و شیکردنەوە ڕیپۆرتکردن بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە (١٩٦٠) ی ساڵی ٢٠١٠. یونامی هەروەها هەڵساوە بە داکۆکیکردن و بە‌هێزکردنی تواناکان بۆ هاوبەشەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان وە دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەوای بەرنامەی ماندێتەکە، لەنێویشیاندا پاڵپشتیکردن لە رزگاربووانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ڕاپۆرتەکانی نووسینگە تکایە سەردانی ئەم لینکانەی خوارەوە بکە

ئينگليزى | عه‌ره‌بى | كوردى

بۆ زیاتر زانیاری لەسەر کارەکانی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عیراق و پابەندییە نێودەوڵەتیەکانی عیراق بۆ مافەکانی مرۆڤ تکایە سەیری ئەم لینکانەی خوارەوە بکە:

ئينگليزى | عه‌ره‌بى

بۆ زانیاری لەسەر دۆکۆمێنتە سەرەکیەکانی مافاکانی مرۆڤ کە عیراق لایەنە تیایاندا تکایە سەیری ئەم لینکانەی خوارەوە بکە:

ئينگليزى | عه‌ره‌بى | كوردى