قهڵاچۆكردنى ههژارى
قهڵاچۆكردنى هەژاری بەهەموو جۆرەکانی و لە هەموو شوێنێکدا
هەرچەندە لەسەرتاسەری جیهاندا، ژمارەی ئەوانەی کە لە هەژارییەکی سەختدا دەژیەن دابەزیوە، لەسەدا ٣٦ ەوە لە ١٩٩٠ بۆ لەسەدا ١٠ لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەڵام هەنگاوەکانی گۆڕانکاری هێشتا هەر خاون و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ش پێشڤەچوونی چەندین ساڵەی شەڕی هەژاری ئاوەژۆ کردووەتەوە. لەلایەکی ترەوە، توێژینەوەی پەیمانگای جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەی ئابووری، هۆشداری ئەوە دەدات کە پەکخستنی ئابوری بەهۆی ئەو پەتایەوە لەسەرتاسەری جیهاندا دەبێتە مایەی هەڵکشانی هەژاری بۆ نزیکەی نیو ملیار خەڵک یان لەسەدا ٨٠ی دانیشتوانی جیهان. ئەمە یەکەم جارە لەماوەی ٣٠ ساڵدا لە ١٩٩٠ەوە کە هەژاری ئاوا لەسەرتاسەری جیهاندا ڕوو لە هەڵکشان بڕوات.
زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن یان لەسەدا ١٠ی دانیشتوانی جیهان لە ژیانێکی کولەمەرگیدان و تەنها لە هەوڵی ئەوەدان کە خزمەتە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستی و ئاو و خوێندن و پاکوخاوێنی تەندروستی بۆ خۆیان دابین بکەن کە ئەمانە هێشتا هەر کەمێکن. خەڵک لە سەبسەهارانی ئەفریقا رۆژانە لەسەر کەمتر لە ١ دۆلار و ٩٠ سنت ژیان بەڕێ دەکەن. هەژاری لە ناوچە لادێ نشینەکاندا بەشێوەیەکی جیهانی لەسەدا ١٧،٢وە کە ٣ قات لە ناوچە شارنشینەکان زیاترە.
هەتا ئەو کەسانەش کە کار دەکەن کارەکەیان هەرگیز دەستەبەری ژیانێکی خۆشیان بۆ ناکات. لە ڕاستیدا، لەسەدا ٨ی ئەوانەش کە کاریان هەیە لە ساڵی ٢٠١٨ لە هەژارییەکی سەختدا دەژیان. لەلایەکی ترەوە، لەهەر ٥ منداڵ یەکێکیان لە هەژارییەکی سەختدایە و هەر بۆیە دابینکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو منداڵان و کۆمەڵە لانەوازەکانی تر هەنگاوی بنەڕەتن بۆ نەهێشتنی هەژاری.
بەهاناوەچوونی پەتای کۆڤید-١٩
وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان لەوپەڕی مەترسیدان چی لەکاتی و چی لەدوای پەتایەکە نەک هەر لەبەر قەیرانی تەندروستی بەڵکو لەبەر قەیرانی وێرانکەری ئابوری-کۆمەڵایەتیش لە مانگەکان و ساڵانی داهاتوودا.
بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانیش (یو ئێن دی پی)، پێشبینی دەکرێت کە زیانی ئابوری بگاتە ٢٢٠ ملیار دۆلار لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا لەکاتێکدا کە بەگوێرەی مەزەندەکان لەسەدا ٥٥ی دانیشتوانی جیهان لە پاراستنی کۆمەڵایەتی بێبەشن. ئەم زیانە هەموو کۆمەڵگایەکان لە هەموو بوارەکانی وەک خوێندن و مافی مرۆڤ و لەمانە خراپتریش نەبوونی ئاسایشی خۆراک و خۆراکپێدانی بنەڕەتیش دەگرێتەوە.
بۆ هاوکاریکردنی چینە هەرە هەژار و کەمدەرامەتەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان "چوارچێوەی" بۆ بەهاناوەچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پەتای کۆڤید-١٩ی دانا بە داواکردن بۆ زیادکردنی هاریکاریی جیهانی و جێبەجێکردنی پابەندیی سیاسی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خەڵک لە هەموو شوێنێک لە خزمەتە بنەڕەتییەکان و پاراستنی کۆمەڵایەتی بەهرەمەندن. مەبەست لە "فەندی بەهاناوەچوون و هەڵساندنەوە"ش یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەیە کە داهاتی نزم یان مامناوەندیان هەیە و هەروەها ئەو خەڵکە کەمدەرامەتانەی کە لەڕادەبەدەر بەرکەوتووی زەبری ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم پەتایەن.
لە کۆبوونەوەیاندا کە لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئامینە موحەممەد، ژنە سەرکردەکان داوای پشتگیرییان کرد بۆ نەخشەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵسانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها دابینکردنی دارایی تەواو بۆ "فەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوونی پەتای کۆڤید-١٩".